لیسته‌كه‌ى عەبادی نووسینگەی خۆی لە سلێمانی کردەوە

هاوپەیمانیی نەسر لە شاری سلێمانی 9 کاندیدی هەیه‌

 

هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی کردەوەو بەرپرسی نووسینگەکەش رایگەیاند" هەر لایەنێک ئازادە لە کوێ بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و ناوبراو ژمارەی کاندیدەکانیشی لە سنووری سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکراکرد.

جەمال حەمەسەعید، بەرپرسی نووسینگەی هاوپەیمانیی نەسر لە سلێمانی، ئێوارەی رۆژی شەممە 14ی نیسان لە کۆنگرەیەکی رۆژناوانیدا رایگەیاند" هەڵبژاردن مافێکی دیموکراسییە بۆ هەر لایەنێکی سیاسی و هاوپەیمانێتییەک، هەر لایەنێک ئازادە لە کوێ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، بە بڕوای ئێمە عێراق یەکە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەکو هاوپەیمانیی نەسر بەبێ جیاوازی نووسینگە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەکەنەوە، ئەمەشی بە جۆرێک لە جۆرەکانی دیموکراتی بۆ سەرجەم حیزبەکان و کانیدەکان وەسفکرد.

هاوپەیمانیی نەسر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 12-5-2018 بەڕێوەبچێت، لە شاری سلێمانی 9 کاندیدی هەیه‌، 3 ژن و 6 پیاو.