سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌ره‌و سعوودیه‌ به‌ڕێكه‌وت

به‌شدارى له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بى ده‌كات

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14/4/2018، فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدێكی فه‌رمی به‌ره‌و عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ به‌ڕێكه‌وت.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدی عیراق ده‌كات له‌ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌ب، كه‌ بریاره‌ سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ریاز به‌رێوه‌بچێت.

له‌ لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بدا سه‌رۆك و سه‌رۆك كۆمار و پادشاكانی وڵاتانی عه‌ره‌ب به‌شدارده‌بن و له‌ كارنامه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی فه‌له‌ستین و قودس و قه‌یرانی سووریا و لیبیا و یه‌مه‌ن و ببنڕكردنی تیرۆر ده‌كرێت.

سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی نیسانی 2018، لوتكه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌ب له‌ عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ كۆبونه‌وه‌ی ژماره‌ 29ی خۆی ساز ده‌كات.