سه‌در داوا ده‌كات لایه‌نگرانی دژ به‌ ئه‌مریكا بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان

ته‌نیا ئاڵای عێراق ‌و سوریا به‌رز بكه‌نه‌وه‌


سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در داوای له‌لایه‌نگرانی كرد، دژ به‌ "ده‌ستدرێژی" بۆسه‌ر سوریا خۆپیشاندان ئه‌نجامبده‌ن.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 2018/4/14  ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە هێرشێکی هاوبەشدا نزیکەى 100 بۆ 120 موشەکیان ئاڕاستەى بنکە سەربازییەکانى سوریا کرد.

هه‌ر ئه‌مڕۆش موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در هه‌ڵوێستی خۆی له‌به‌رامبه‌ر هێرشی ئه‌مریكا‌و وڵاتانی هاوپه‌یمانی بۆ سه‌ر سوریا ئاشكراكرد‌و داوای له‌لایه‌نگرانی كرد، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌ر سوریا، له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق ده‌ست به‌خۆپیشاندان بكه‌ن.

موقته‌دا سه‌در داوای له‌لایه‌نگرانیشی كرد له‌خۆپیشاندانه‌كانیاندا "ته‌نیا ئاڵای عێراق ‌و سوریا به‌رز بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رزنه‌كردنه‌وه‌ی ئاڵای ئێران.

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە هێرشێکی هاوبەشدا نزیکەى 100 بۆ 120 موشەکیان ئاڕاستەى بنکە سەربازییەکانى سوریا کرد کە بە وتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرشەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە و بە باشترین شێوە ئامانجەکانیان پێکاوە.