كوردێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سزای سێداره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا

رامین حوسێن هیچكات ده‌ستی بۆ چه‌ك نه‌بردووه‌ و ئه‌وه‌ تۆمه‌ته‌

رامین حوسێن په‌نایی كه‌ هاوڵاتییه‌كی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ به‌وجۆره‌ی كه‌ سیستمی دادوه‌ریی ئێران باسی كردووه‌ به‌ تۆمه‌تی " سه‌رپێچیی له‌ فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتی دادپه‌روه‌ره‌ " و هه‌روه‌ها ئه‌ندامێتیی له‌ یه‌كێك له‌ حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، سزای سێداره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و بڕیاره‌كه‌شی پێڕاگه‌یه‌نراوه‌.

بڕیاری سێداره‌ی ناوبراو له‌ مانگی رێبه‌ندانی ئه‌مساڵ له‌ یه‌كه‌م دادگاییكرانیدا له‌ دادگای شاری سنه‌ ده‌رچوبوو.

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیی پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ رامین حوسێن په‌نایی وێڕای سێ كه‌سی دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانی حزبی " كۆمه‌ڵه‌ " كه‌وتووه‌ته‌ كه‌مینێكی سوپای پاسدارانه‌وه‌ و دوای ته‌قه‌ كردنی دوولایه‌نه‌ و بریندرابوونی ناوبراو ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام پارێزی رامین ده‌ڵێت: بریكاره‌كه‌ی هیچكات ده‌ستی بۆ چه‌ك نه‌بردووه‌ و ئه‌وه‌ تۆمه‌ته‌.

رامین كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هاوینی رابردوو به‌دواوه‌ له‌ زیندان به‌سه‌ر ده‌بات، له‌ كاتی دادگاییكرانی یه‌كه‌میدا به‌ دادوه‌ری وتبوو كه‌ له‌ زیندان ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و سووكایه‌تیی پێكراوه‌.

 سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی