ئیسڕائیل به‌ جۆرێكی نوێ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێران ده‌كات

ئه‌م هێرشه‌ بێ وه‌ڵام ناهێڵینه‌وه‌

به‌رپرسێكی باڵای ئیسڕائیل بۆ پیشاندانی هه‌ڵوێست له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی راوێژكاری باڵای خامه‌نه‌ییدا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بێت و ئێرانییه‌كان له‌ناو خاكی سووریاوه‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك له‌ دژی ئیسڕائیل ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌وا باجی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ به‌شار ئه‌سه‌د و رژێمه‌كه‌ی ده‌یده‌نه‌وه‌.

عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تیی له‌ لێدوانێكدا سه‌باره‌ت به‌ هێرش بۆ بنكه‌ی " تی 4 " هێزی ئاسمانیی سووریا له‌لایه‌ن ئیسڕائیله‌وه‌ وتبووی كه‌ ئه‌م هێرشه‌ بێ وه‌ڵام ناهێڵینه‌وه‌.

ئاڤیگدۆر لیبرمان وه‌زیری به‌رگریی ئیسڕائیل سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌، ئامۆژگاریی ئێمه‌ بۆ ئێران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵنه‌دات هیچ كرده‌وه‌یه‌ك له‌ دژی ئێمه‌ ئه‌نجامبدات، چونكه‌ ئیسڕائیل به‌ پێداگرییه‌وه‌ تا كۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ڕوات و ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌كان له‌ناو خاكی سووریاوه‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك له‌ دژی ئێمه‌ ئه‌نجامبده‌ن، رژێمی ئه‌سه‌د و خودی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ ده‌سڕینه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی