ژه‌نه‌راڵێكی ئێرانی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی عامری ده‌بێ

ئه‌و ژه‌نه‌راڵه‌ی به‌سیج به‌ تایبه‌تی بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژارنه‌كان ره‌وانه‌ی عێراق كراوه‌

رۆژنامه‌ی ئه‌خباری خه‌لیج ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ ژه‌نه‌راڵێكی ئێرانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری بووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح بڵاوێكردۆته‌وه‌ كه‌ لیوا غولام غه‌یب پور به‌رپرس  له‌ هێزه‌كانی به‌سیجی ئێران له‌گه‌ڵ  ئیره‌ج مه‌سجد جامعی باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی فه‌تحی كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌شڵێ: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی فارسی به‌سه‌ر گفتوگۆكه‌دا زاڵ بووه‌، به‌شێك له‌ ئاماده‌بووانی نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌وه‌تێ نه‌گه‌یشتوون كه‌چی له‌ نێوان ئه‌و ژه‌نه‌راڵه‌ ئێرانییه‌و سه‌ركرده‌كانی فه‌تح روویداوه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ئه‌و ژه‌نه‌راڵه‌ی به‌سیج به‌ تایبه‌تی بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژارنه‌كان ره‌وانه‌ی عێراق كراوه‌و پاڵپشتی له‌و هێزانه‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هاوكاری ده‌كرێن.

ئاماده‌كردنی: رزگار