وه‌زیری به‌رگریی توركیا: رووسیا ناتوانێت به‌رگه‌ی هێزی ئه‌مریكا بگرێت

وه‌زیری به‌رگریی توركیا: ئه‌گه‌ری زۆره‌ شه‌ڕ له‌ سووریا روو بدات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە نوره‌دین جانیكلی وه‌زیری به‌رگریی توركیا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ ئه‌نقه‌را، له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سووریا رایگه‌یاند" له‌ سووریا ئه‌كته‌ری زۆر هه‌ن، هه‌موو ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ش له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار ده‌هێندرێن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ شه‌ڕ روو بدات و مه‌ترسییش رووبدات، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی لۆژیكیانه‌ بیر نه‌كه‌نه‌وه‌، له‌رووی هێزه‌وه‌ زۆر شت له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، رووسیاش ناتوانێت به‌رگه‌ی هێزی ئه‌مریكا بگرێت".

له‌باره‌ی وه‌رگرتنی مووشه‌كی به‌رگریی S400 له‌ رووسیا، نوره‌دین ئاشكرای كرد كاره‌كان به‌ باشی ده‌ڕۆنە پێش و له‌ مانگی ته‌مووزی 2019دا ئه‌و مووشه‌كه‌ راده‌ستی توركیا ده‌كرێت و پاره‌كه‌شی به‌ ته‌واوی دراوه‌ته‌ رووسیا.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، لایه‌نی دووه‌می ئه‌و گرێبه‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رووسیا و توركیا به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن.