نوجه‌یفی: داعش به‌ هه‌مان سیناریۆی ساڵی 2014 ده‌چێته‌وه‌ موسڵ

زانیارییه‌كی مه‌ترسیدار له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعشه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات


نوجێفی هۆشداری ده‌دات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بۆ شاری موسڵ و رایده‌گه‌یه‌نێت، رێكخراوی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ینه‌وا، ئه‌گه‌ر بێت و حكومه‌تی عیراق دادگاییه‌كان به‌ ئاشكرا نه‌كات.

ئه‌سیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند داعشه‌كان له‌ناو زیندانه‌كاندا خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌كراون، ئێستا له‌ ژێر درووشمی چاوه‌ڕێی (هه‌ڵگرتنی په‌رژینی به‌رده‌م سه‌گه‌كانن) خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌".

پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، به‌هۆی نه‌بوونی دادگاییكردنی ئاشكرا و بوونی هه‌زاران داعش له‌ زیندانه‌كاندا، به‌ره‌و دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی ساڵی 2014 ده‌چینه‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كان كه‌وتنه‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش.

رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2014، چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌شی زۆری پارێزگای نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراقیان داگیر كرد و دوای زیاتر له‌ سێ ساڵ شه‌ڕ و خوێنڕشتن له‌ رۆژی 10ی ته‌مموزی 2017، پارێزگای نه‌ینه‌وا‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ھێزه‌كانی عیراقه‌وه‌ كۆنترۆڵكرانه‌وه‌.