جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا به‌هۆى ناكۆكى له‌گه‌ل ئه‌ردۆغان ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌

له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى وولات كێشه‌ له‌نێوان هه‌ردووكیان دروست بووه‌

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ رۆژنامه‌ی حوریه‌تـی توركی رایگه‌یاند، كه‌ محه‌مه‌د شیمشه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شی ئه‌ردۆغان كردووه‌، به‌ڵام بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا كه‌وتووه‌ته‌ نێوانیان و ده‌یه‌وێت كێشه‌كه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌.

نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌مه‌د شیمشه‌ك، له‌ كاتێكدایىه‌ كه‌ ناوبراو ماوه‌یه‌كه‌ كێشه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغاندا له‌سه‌ر بابه‌تى سووى ئابوورى دروست بووه‌، كه‌ چه‌ند جار ناوبراو وتویه‌تى ئابوورى توركیا به‌ره‌و خراپ بوون ده‌چێت، كه‌چى ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام باس له‌ باشی ئابووریی توركیا ده‌كات و به‌ڵێنی داوه‌ سوو له‌سه‌ر هاووڵاتیان كه‌م بكاته‌وه‌.

پێشتر شیمشه‌ك له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد ناتوانن سوو كه‌م بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ردۆغان له‌ 30ی مارسدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كه‌ مه‌به‌ستی شیمشه‌ك بووه‌، گوتی"ئه‌و كه‌سانه‌ی رای گشتیی توركیا ده‌شێوێنن و به‌ خراپه‌ باسی ئابووریی توركیا ده‌كه‌ن، نابێت لێیان خۆش بین.