له‌ موسڵ شانه‌یه‌كی تیرۆریستی داعش ده‌ستگیركرا

لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان هۆشداری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش ده‌ده‌ن


له‌ به‌شی ڕاستی موسڵ شانه‌یه‌كی تیرۆریستی داعش ده‌ستگیر كران كه‌ پێكهاتبوو له‌ یازده‌ كه‌س، كه‌ چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستیان ئه‌نجامدابوو.


دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له‌ ده‌ستی داعش، تا ئێستا هیچ پرۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری بۆ شه‌ره‌كه‌ نه‌چووه‌ و له‌ڕووی ڕه‌وشی ئه‌منیشه‌وه‌ ڕۆژانه‌ كرده‌وه‌ی تیرۆر و ڕفاندن ده‌كرێت لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانیش هۆشداری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ده‌ن.

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ده‌زگای هه‌ڵگری سه‌ربازی له‌ فیرقه‌ی 20 له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراواندا له‌ به‌شی ڕاستی موسڵ توانییان شانه‌یه‌كی تیرۆریستی داعش ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ پێكهاتبوو له‌ یازده‌ كه‌س.

له‌به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریدا باس له‌وه‌شكراوه‌ ئه‌و شانه‌یه‌ له‌و كه‌سانه‌ پێكهاتبوو كه‌ له‌لایه‌ن دادگای عێراقه‌وه‌ داواكرابوون و نه‌خشه‌ی  ئه‌وه‌یان‌ كێشابوو كاری تیرۆریستی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ڕاستی موسڵ ئه‌نجام بده‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو شاری موسڵ به‌ته‌واوی له‌ تیرۆریستانی داعش پاكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا داعش بوونی هه‌یه‌ له‌ناو ئه‌و شاره‌ و ناوبه‌ناو كاری تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و شانه‌ی نوێ پێك ده‌هێنن.