سه‌رجه‌م بازگه‌ گومرگییه‌كان داده‌خرێن

یاساو رێنماییه‌كانى گومرگ یه‌ك ده‌خرێت

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاساو رێنماییه‌كانى گومرگ یه‌ك بخه‌ن و دواى ئه‌و هه‌نگاوه‌ش سه‌رجه‌م بازگه‌ گومرگییه‌كان داده‌خرێن. 

ساماڵ عه‌بدولره‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى گومرگى هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێـت: له‌گه‌ڵ دەستەی گومرگی عێراق تایبه‌ت به‌ یه‌كخستنی پێناسه‌ی گومرگ و ڕێنماییه‌كان و رێوشوێنی گومرگی له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، له‌سه‌ر چه‌ند ڕاسپارده‌یه‌ك ڕێكه‌وتووین،  بڕیاره‌ دوای یه‌كخستنی لیستی به‌های كاڵاكان، پێناسه‌ی گومرگی سیسته‌می هه‌ماهه‌نگی له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ بكرێت. 

ساماڵ گوتیشى" هاوكات ڕێنماییه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وتی گومرگی و به‌ڵگه‌نامه‌ پێویسته‌كان بۆ رێوشوێنی گومرگی له‌ نێوان هه‌ردوولا یه‌ك ده‌خرێن و پێداچوونه‌وه‌ و یه‌كخستنیش بۆ سه‌رجه‌م لێخۆشبوونه‌كانی گومرگی ده‌كرێت. به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى گومرگى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراشى كرد كه‌ بڕیارى ئه‌وه‌شیان داوه‌ ڕێوشوێنی گومرگی بۆ ئاڵتون و كانزا به‌نرخه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، دوای ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش ده‌بێت سه‌رجه‌م بازگه‌ گومرگییه‌كانی ناوخۆ هه‌ڵبگیرێن.