جه‌نازه‌ی سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی گه‌یشته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلول و گوڵان بوو

له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌دا جه‌نازه‌ی "شێخ عه‌زیز شێخ ڕه‌زا" پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلول و گوڵان  و سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ كاتژمێر 9 گه‌یشته‌وه‌ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و له‌ لایه‌ن سیداد بارزانی نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی و فازل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی و  ده‌زگای خێرخوازی بارزانی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حیزبی و حكومی و بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردوو له‌ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌ پێشوازی هێنانه‌وه‌ی جه‌نازه‌ی خوالێخۆشبێت "شێخ عه‌زیز شێخ ره‌زا" دابوون و تاجه‌ گوڵینه‌ی ئاماده‌بوان له‌سه‌ر جه‌نازه‌ی ناو براو دانرا.

 بڕیار وایه‌ پێش نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ جه‌نازه‌كه‌ی ببردرێت بۆ باره‌گای ده‌زگای خێرخوازی بارزانی و دواتریش هه‌ر ئه‌مرۆ جه‌نازه‌كه‌ی بنێردرێته‌وه‌ بۆ واری باوك و باپیرانی بۆ گوندی باسه‌ره‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای رانیه‌ له‌ ئیداره‌ی راپه‌رینی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی به‌خاك بسپێردرێت.

پرسه‌ی خوالێخۆشبێت شێخ عه‌زیز شێخ ڕه‌زا، رۆژانی پێنج شه‌ممه‌و هه‌ینی له‌ مزگه‌وتی (مسته‌فا عه‌لی) له‌ شاری رانیه‌ ده‌بێت، دواتر رۆژی هه‌ینی پرسه‌كه‌ی ده‌هێندرێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و له‌ مزگه‌وتی (جه‌لیل خه‌یات) به‌رێوه‌ده‌چێت.