داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی پاسه‌وانی سنووری عێراق

له‌ رۆژئاوای پارێزگای ئه‌نبار

چه‌كدارانی رێكخراوی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی پاسه‌وانی سنووری عێراق له‌ نزیك وڵاتی سعودیه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای ئه‌نبار به‌ سۆمه‌رییه‌ نیوزی راگه‌یاندووه‌: به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چه‌كدارانی داعش به‌چه‌كی جۆراوجۆر هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌ی عه‌نازه‌ له‌ نزیك سعودیه‌ له‌ رۆژئاوای رومادی.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ زه‌ره‌روو زیانی نێوان چه‌كدارانی داعش و پاسه‌وانانی سنوور نه‌داوه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ هێرشبه‌ران تێكشكاون.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان دوێنی رایانگه‌یاند كه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ بۆسه‌یه‌كدا له‌ رۆژئاوای پارێزگای ئه‌نبار چواری پاسه‌وانی سنووری عێراقییان كوشتووه‌.

شایانی باسه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ پاسه‌وانانی سنوور، سنووری عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتی ئورده‌ن و سوریا و سعودیه‌ له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار ده‌پارێزن و چه‌كدارانی داعشیش به‌ درێژایی ئه‌و سنووره‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و زۆرجاریش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

 

ئاماده‌كردنی: رزگار