نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت 69 دۆلاری تێپه‌ڕاند

ئه‌مڕۆ له‌ 70 دۆلار نزیك بۆته‌وه‌

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرتێك لەلایەن پەیمانگای وزه‌ی ئەمریكا، كە تێیدا ئاشكرای كردووە ئاستی نەوتی عەمبارکراو لە ئەمریكا كەمیكردووە، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت لە بۆرسه‌كانی جیهاندا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌خوه‌ بینیووه ‌و ئه‌مڕۆ له‌ 70 دۆلار نزیك بۆته‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بۆرسه‌ نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت به‌ 69 دۆلارو 42 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا .

هه‌روه‌ها هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكی به‌ 65 دۆلارو 20 سه‌نت و هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی ئۆپیك به‌ 64 دۆلارو 11 سه‌نت مامه‌ڵه‌یا پێوه‌كرا.  

ئاستی نەوتی عەمبارکراو لە ئەمریكا لەماوه‌ی ئەم هەفتەیەدا، بە دابه‌زینی بڕی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بۆ 425 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل كەمیكردووە. 

بەپێی ئاماری ئاژانسی وزەی ئەمریکا، ستۆکی نەوتی خاوی ئەمریکی ھەفتەی رابردوو بەرێژەی دوو ملیۆن و 600 هه‌زار بەرمیل کەمی کردەوە، هه‌روه‌ها ناکۆکییەکان له‌هه‌مبه‌ر رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و بارگرژی نێوان سعوودیە و ئێران، نرخی نەوتی بەرێژەی له‌سەدا سێ بەرز کردەوە. 

شارەزایانی بواری وزەش ئاماژە بەوە دەکەن لە ئەگەری ئەوەی ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەوا رەنگە ھەناردەی نەوتی ئێران دابەزێت، به‌مه‌ش نرخی به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆییه‌وه‌ ده‌بینێت.