له‌ 2003یه‌وه‌ 2 ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار كەس لە عێراق كوژراون

40 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە مووسڵ كوژراون

دەزگایه‌كى ئەمریكی ئامارى قوربانیانى شه‌ڕ له‌ عێراق له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ تاكو ئه‌مرۆ بلاو ده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌ینێت، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا 2 ملیۆن و چوار سه‌د هه‌زار كەس لە عێراق كوژراون.

ئەمڕۆ یەكشەممە دەزگای "ئۆبدنیوز"ی ئەمریكی بڵاوی كردەوە لەوەتەی ساڵی 2003 و داگیركاری ئەمریكاوە، 2.4 ملیۆن كەس لە عێراق كوژراون.

دەزگاكە ئاماژەی بەوە داوە كە گەلی ئەمریكا هیچ زانیارییەكیان لەبارەی نەهامەتییەكان و كارەساتەكانی عێراق نیە.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە سوپای ئەمریكا هەر لە سەرەتاوە زانیارییە دروستەكانی لەبارەی ڕێژەی قوربانییەكان لە عێراق شاردووەتەوە، یاخود هەر گرنگی پێنەداوە.

بەگوێرەی ئۆبدنیوز، سووپای ئەمریكا لە دوای ڤیێتنامەوە، چڕترین بۆردوومانی ئەنجام دابێت، بۆردوومانكردنی شاری مووسڵ بووە، كە لە دوای 2014وە كەوتبووە دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

هەروەها بڵاوی كردووەتەوە كە هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا 105 هەزار بۆمبیان بەسەر مووسڵ و چەند شارێكی تری ژێر دەستی داعشدا هەڵداوەتە خوارەوە، بەم شێوەیە ئێستا شارەكە بە تەواوی كاول بووە، بەم هۆیەشەوە 40 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە مووسڵ كوژراون.