حكوومەتی هه‌رێم داوا لە فەرمانگەكانى دەكات بەرهەمی ناوخۆ بكڕن

نزیكەى پێنج هەزار كارگەی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان پێ دراوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ نوسراوێك كه‌ بۆ گشت وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە، داوا دەكات بۆ دابینكردنی پێداویستیی رۆژانە و پڕۆژەكانیان بەرهەمی ناوخۆ بكڕن و بەكاری بهێنن. 

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە نووسراوێكی فەرمی كە بۆ حكوومەتی ناردووە ئەوەی خستووەتە ڕوو: وەزارەتەكان و فەرمانگەكان رۆژانە پێویستیان بە دابینكردنی بڕێكی زۆر هەیە لە بەرهەمە پیشەسازییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی كوردستان و لایەنی بەڵێندەرایەتی و پڕۆژەكان، بۆیە پێویستە بەرهەمی ناوخۆیی بەكار ببرێت. 

ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی بە فەرمانگەكان راگەیاندووە، ئەگەر لە بەرهەمە ناوخۆییەكان لە رووی جۆر و كوالێتییەوە كێشەی هەبێت، ئەوە دەتوانن وەزارەتی بازرگانیی لێ ئاگادار بكەنەوە. 

جێی ئاماژه‌یه‌ نزیكەى پێنج هەزار كارگەی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان پێ دراوە، لەو ژمارەیە نیوەیان بەهۆی قەیرانى داراییەوە داخراون، نیوەی تریش بەرهەمیان هەیە، بەڵام بازاڕیان وەكوو پێویست نییە. 

هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا لە كوردستان چیمەنتۆ و شیش و هەندێك بەرهەمی تری پیشەسازی بە جۆرێكە بەرهەمی ناوخۆی كوردستان پڕ دەكاتەوە و بۆ ناوچەكانی تری عێراقیش دەنێردرێت.  ئەگەر وەزارەت و فەرمانگەكمان كاڵا و بەرهەمی پیشەسازیی خۆماڵی بەكار بهێنن زۆر لە كێشەی كارگەكان چارەسەر دەبێت.