یەپەگە: سوپرایزمان بۆ سوپای تورکیا هەیە

هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ عەفرین لە دوو مانگ نزیک دەبێتەوە


وتەبێژی یەپەگە ڕایگەیاند لەداهاتوویەکی نزیکدا بەرخودانێکی نوێ لەعەفرین دەبینن و گوتی سوپرایزمان بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا هەیە. قەرەیلان، ئاشكرای دەكات، قۆناخێكی نوێی شەڕ لە عەفرین دژی توركیا دەست پێدەكات، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات، ئەو دەوڵەتانەی ھاوپەیمانی یەپەگەن تەماشاكەری شەڕەكەن، ئەمەش بە دوو روویی و بێویژدانی ناودەبات.

بروسک حەسەکە وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل رایگەیاند با دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بزانن کە شەڕڤانان تا کۆتایی لە عەفرین دەمێننەوە، ھێز و ئیرادەی خۆمان لە گەلی عەفرین وەردەگرین.

هەروەها دەڵێ زۆربەی گوندەکانی عەفرین لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدایە و لە ناوەوەو دەرەوەی عەفریندا چالاکییەکانمان ئەنجامدەدەین، سوپرایزی زۆرمان ھەیە بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا.

شایەنی باسە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ عەفرین لە دوو مانگی تەواو نزیک دەبێتەوە و ماوەی سێ ڕۆژە ناوەندی شاری عەفرین گەمارۆ دراوە.

لای خۆشیه‌وه‌ موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرای دەكات، قۆناخێكی نوێی شەڕ لە عەفرین دژی توركیا دەست پێدەكات، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات، ئەو دەوڵەتانەی ھاوپەیمانی یەپەگەن تەماشاكەری شەڕەكەن، ئەمەش بە دوو روویی و بێویژدانی ناودەبات.

قەرەیلان لە دیدارێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ھاوار رایگەیاند: ئەگەر سوپای تورکیا بگاتە ناوەندی عەفرین بە واتای سەرکەوتنی نییە، من پێموا بوو، لە ماوەی 20 بۆ 25 رۆژدا توركیا دەگاتە ناوەندی عەفرین، بەڵام زیاتر لە 50 رۆژی پێچوو، ئەوە بۆ عەفرین سەرکەوتنێکی گەورەیە، لێرە بەدواوە شەڕ دەچێتە قۆناغێکی نوێووە، لەم دواییانەدا فەرماندەی عەفرین گوتبوو، ئێمە عەفرین چۆڵ ناکەین، ئەوە بڕیارێکی گەورەیە.

قەرەیلان، ئاماژەی بەوەشداوە: ئەو هێرشەی توركیا تەنیا بۆسەر عەفرین نییە، بەڵکو بۆ سەر هەموو کوردستان و داهاتوو و چارەنووسی گەلی کورد و عەرەب و گەلانی ناوچەکەیە، ئەوان چوون عەفرین لە میللەتێك پاكبکەنەوە، توركیا دەیەوێت دیمۆگرافیای عەفرین بگۆڕێت، ئەوە پرەنسیب و ئوسلوبی ئەردۆغانە، بەڵام گەلی کورد لە عەفرین ئەو نیازە پوچەڵ دەکاتەوە.