سوپای توركیا ناوه‌ندی عه‌فرین به‌چه‌كی قورس بۆردوومان ده‌كات

زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن هاووڵاتی نیشته‌جێن


له‌ درێژه‌ی‌ هێرشه‌كه‌یان بۆسه‌ر كانتۆنی‌ عه‌فرین، سوپای توركیا به‌ تۆپ و چه‌كی قورس، ناوه‌ندی شاری عه‌فرین بۆردوومان ده‌كات.

ئاژانسی‌ هاوار نیوز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "سوپای توركیا ناوه‌ندی شاری عه‌فرین به‌ چه‌كی قورس بۆردوومان ده‌كات.

ئه‌و بۆردوومانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ئێستادا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن هاووڵاتی مه‌ده‌نیی له‌ ناو عه‌فرین نیشته‌جێن.

فرۆكە جەنگییەكان و تۆپخانەكانی توركیا، شاری عەفرینیان بۆردومان كردو لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و 12 هاوڵاتی دیكەش برینداربوون.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداری مەدەنیی لێکەوتووەتەوە و بەشێکیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی عەفرین.

هاوكات له‌ گونده‌كانی خه‌زه‌وێ و شادرێی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی شێراوا، شه‌ڕێكی سه‌خت له‌نێوان شه‌ڕڤانان و سوپای تورك و چه‌كدارانی‌ میلیشیای‌ سوپای‌ سوریای‌ ئازاد به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، لانیكه‌م 14 سه‌ربازی‌ تورك و چه‌كداری‌ میلیشیای‌ سوپای‌ سوریای‌ ئازاد كوژراون و ژماره‌یه‌كی‌ زۆریان برینداربوون.

له‌ 20ی كانوونی دووه‌می 2018، سوپای توركیا له‌ ژێر ناوی‌ "ئۆپراسیۆنی‌ چڵه‌ زه‌یتون" ھێرشی بۆسه‌ر عه‌فرین ده‌ست پێكرد، جگه‌ له‌ سوپای ئه‌و وڵاته‌ میلیشیای سوپای ئازادی سوریای سه‌ر به‌ توركیا به‌شداری له‌ ھێرشه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.

شایەنی باسە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ عەفرین لە دوو مانگی تەواو نزیک دەبێتەوە و ماوەی سێ ڕۆژە ناوەندی شاری عەفرین گەمارۆ دراوە.