وه‌زیری ناوخۆی عێراق بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان گه‌یشته‌ هه‌ولێر

له‌گه‌ڵ كه‌ریم شنگالی، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كۆردستان كۆبووه‌وه‌

قاسم ئه‌عره‌جی وه‌زیری ناوخۆی عێراق و كه‌ریم شنگالی وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ رووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راگه‌یاند. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 14-3-2018) قاسم ئه‌عره‌جی، وه‌زیری ناوخۆی عێراق و كه‌ریم شنگالی، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و بێستوون زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێرەوە كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ رووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راگه‌یاند. به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ و به‌گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق، گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌و فڕۆكه‌خانه‌كان كراوه‌ن. كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان گووتی: "كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان، ھەنگاوێكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، ھەموو كێشەكان لە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن. له‌باره‌ی گۆڕانكاری له‌ ئیداره‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان، وه‌زیری ناوخۆی عێراق راگه‌یاند: به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌كان ناگۆڕێن. لای خۆشیه‌وه‌ بێستوون زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق مژدەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی راگەیاند و گوتی "سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ مژدەیەک دەدەینە خەڵکی کوردستان، هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان کرانەوە. بڕیارەکە لە 29ـی ئەیلوول جێبەجێکرا، دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ و نیویش حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا گەمارۆکە هەڵبگرێت و لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان بکرێتەوە. دوای قەدەغەکردنی گەشتی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ و نیو لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، ئەمڕۆ بەفەرمی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتی کرانەوە.