‌په‌رله‌مانی عیراق بڕیاری بڕینی به‌شێك له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌

به‌ ناوی هاوكاری بۆ حه‌شدی شه‌عبی و ئاواره‌كان بڕدراون


ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق بڕیاری بڕینی به‌شێك له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی په‌یوه‌ستكردووه‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و پارانه‌ش كه‌ له‌مساڵدا له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڕدراوه‌.

به‌پێی نوسراوێكی‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌، ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و لێبڕینانه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بووه‌ستێنرێت كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا به‌ ناوی هاوكاری بۆ حه‌شدی شه‌عبی و ئاواره‌كان بڕدراون.

له‌ نوسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ به‌ پێی یاسا له‌كاتی واژۆ نه‌كردنی بڕیاری بڕین له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، ده‌بێت حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی سه‌رجه‌م ئه‌و پارانه‌ی له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان بڕیوه‌ بۆیان بگه‌ڕێننه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی چه‌كدارانی‌ داعشدا حكومه‌تی عیراق بڕیاریدا مانگانه‌ سه‌دا 3.8 له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ هاوكاری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئاواره‌كان ببڕێت.