حه‌شدی شه‌عبی داوا ده‌كات متمانه‌ له‌ فوئاد مه‌عسووم وه‌ربگیرێته‌وه‌

حه‌شد بڕیاره‌كه‌ی مه‌عسووم به‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر هه‌موو گه‌لی عێراق ناوده‌بات

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 14/3/2018 یوسف كلابی، سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی، به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی یاسای بوودجه‌ی عێراق، داوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كات و بڕیاره‌كه‌ی به‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر هه‌موو گه‌لی عێراق ناوبردووه‌".

كلابی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت" دوای ئه‌وه‌ی سه‌لمێنرا ئه‌ركه‌ ده‌ستوورییه‌كانی به‌ڕێوه‌ نابات و به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كار ده‌كات، داوا له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌كه‌م متمانه‌ له‌ فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆماری عێراق وه‌ربگرنه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" بوودجه‌ موڵكی هه‌موو گه‌له‌ و ئه‌و ره‌فتاره‌ (ره‌تكردنه‌وه‌ی یاسای بوودجه‌) و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان ده‌ستدرێژییه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو گه‌ل".

رۆژی سێشه‌ممه‌ 13/3/2018 ئۆفیسی راگه‌یاندنی سه‌رۆككۆماری عێراق رایگه‌یاند: "سه‌رۆككۆماری عێراق بڕیاریداوه‌ پرۆژه‌ یاسای گشتی ساڵی 2018ـی عێراق بگێڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان كه‌ رۆژی 3/3/2018 ده‌نگی له‌سه‌ر درابوو".