ئه‌مشه‌و له‌چامپیۆنزلیگ دوویارى گرنگ هه‌یه‌

بارسێلۆنا له‌به‌رده‌م هانده‌ران و یاریگاكه‌ى میواندارى چێلسى ده‌كات

له‌میانى به‌ڕێوه‌چوونى یارییه‌كانى گه‌ڕانه‌وه‌ له‌خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا له‌قۆناغى شازده‌، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ كاتژمێر 10:45 خوله‌ك به‌كاتى هه‌ولێر دوویارى گرنگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت .

بارسێلۆنا له‌به‌رده‌م هانده‌ران و یاریگاكه‌ى میواندارى چێلسى ده‌كات، ئه‌نجامى چوون له‌نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه‌ به‌یه‌كسان بوون به‌گۆلێك بۆ هه‌ردوولا به‌كۆتاهات، هه‌وڵى هه‌ردوو یانه‌ له‌یارى ئه‌مشه‌ویان ئه‌وه‌یه‌ بتوانن سه‌ركه‌ون له‌پێناو گه‌یشتن به‌قۆناغى هه‌شتى خوله‌كه‌ .

له‌یاریه‌كى دیكه‌ى هه‌مان خول و كاتدا، بایرن میونشن میواندارى بێشكتاشى توركى ده‌كات، بایرن له‌یارى گه‌ڕانه‌وه‌یدا ئه‌ركى ئاسانه‌ كاتێك له‌یارى چوون به‌ئه‌نجامى پێنجى گۆلى بێ به‌رامبه‌ر براوه‌ى یاریه‌كه‌ بوو .

ئه‌ركى قورس كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر یانه‌ توركیه‌كه‌ كاتێك به‌زه‌حمه‌ت ده‌بیندرێ بتوانێ له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی بایرن ڕێژه‌یه‌كى باش گۆل تۆمار بكات و ئه‌نجامى یارى چوون ڕاست بكاته‌وه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغى هه‌شتى خوله‌كه‌ .

ئاماده‌كردن: شوان  عه‌زیز