هه‌رێمی كوردستان كار بۆ زیادكردنی ژماره‌ی گه‌شتیاران ده‌كات

ئاماده‌كاری بۆ رۆژانی نه‌ورۆز كراوه‌

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، ئامانجمانه‌ بۆ ئه‌مساڵ رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ دوو ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار به‌رز بكه‌ینه‌وه‌.

مه‌وله‌وی جه‌بار، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم و خودی وه‌زیریش 75 ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ رۆژانی نه‌ورۆز بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری باشتر بكه‌ین بۆ جێگه‌ گه‌شتیارییه‌كان و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ پێویسته‌.

هه‌روه‌ها گوتی: بۆ هاتنی گه‌شتیاران بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری ده‌كرێت و خودی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ خۆی له‌سه‌ر خه‌ته‌ تا بتوانین زیاتر خزمه‌تی گه‌شتیاران بكه‌ین.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ به‌شداریكردنی پێشانگایه‌كی تایبه‌ت و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان و تاوتوێكردنی بابه‌تی گه‌شتیاری و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم و عێراقدا.

گوتیشی: ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 100 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌، ئامانجمانه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ ئه‌مساڵ بۆ دوو ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار