سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای چاو خشاندنه‌وه‌ به‌ بڕیاری ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سامانی به‌عسییه‌كان ده‌كات

ناوی چوار هه‌زار و 257 كه‌سی تێدایه‌

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، داوای كرد چاو به‌و بڕیاره‌دا بخشێنرێته‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ی داد و قه‌زایی له‌ حكوومه‌ت ده‌ریكردووه‌ بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سامانی خانه‌واده‌ی سه‌دام حوسه‌ین و به‌رپرسانی پێشووی رژێمی به‌عس.

دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌دا كۆبووه‌وه‌، سه‌لیم ئه‌لجبوری، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیان كردووه‌ له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان ده‌چێته‌ ئه‌و لیسته‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر سامانه‌كانیاندا ده‌گیرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ جبوری داوای كردووه‌ پێشنیاره‌كان له‌باره‌ی ئیداری، یاسادانان و تانه‌كانی خه‌ڵك له‌به‌رچاوبگیرێت و، به‌پێی ئه‌وه‌ چاو به‌ لیستی ناوه‌كاندا بخشێنرێته‌وه‌.

لیژنه‌ی داد و قه‌زایی له‌ حكوومه‌تی عێراق، هه‌فته‌ی رابردوو داوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سامانی خانه‌واده‌ی سه‌دام و به‌رپرسانی پێشووی به‌عسی كرد، بۆ ئه‌مه‌ش لیستێكی ئاماده‌كرد كه‌ ناوی چوار هه‌زار و 257 كه‌سی له‌خۆ گرتبوو.

ئاماده‌كردنی: رزگار