سه‌رۆك كۆمار پرۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی عێراقی ره‌تكرده‌وه‌

بڕیاره‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی بكاته‌وه‌


فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆماری عێراق، پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2018ی عێراقی ره‌تكرده‌وه‌ و بڕیاره‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی بكاته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆماری عێراق، رایگه‌یاند، فوئاد مه‌عسووم پرۆژه‌ یاساكه‌ی په‌سه‌ند نه‌كردووه‌ و بڕیاریداوه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ی، ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكاته‌وه‌.

له‌ باره‌ی هۆكاری ناردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ش رایگه‌یاند، پرۆژه‌ یاساكه‌ پێشێلكاری یاسایی تێدایه‌، بۆیه‌ ره‌وانه‌ی ده‌كاته‌وه‌.
 
رۆژی شەممە 2018/3/3، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەی سوننەمەزھەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند کرد.

بودجەی عێراق بۆ 2018، 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی کوردستان دانراوە. ئەوەش لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا بڕیاردرابوو یەک تریلیۆنی دیکە بۆ پشکی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.