به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌هێندرێته‌ عێڕاق

فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانيان له‌ نێوان سنوورى عێراق و ئێران به‌كارهێناوه


به‌رپرسێكی عێڕاق هۆشداریدا كه‌ قاچاغچیه‌كانی ماده‌ی هۆشبه‌ر داهێنانێكی نوێیان كردووه‌ بۆ هێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ عێڕاق. 

عه‌لیی داینی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: زانیاریی دروستمان هه‌یه‌ كه‌ قاچاخچییه‌كانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان بۆ بازرگانیكردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ په‌ڕینه‌وه‌ى له‌ نێوان سنوورى عێراق و ئێران به‌كارهێناوه‌.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان، 200 تا 250 گرام ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌.

گوتیشی: ئه‌مه‌ شێوازێكى نوێیه‌ كه‌ ئه‌و باندانه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دایانهێناوه‌ و داواشی كرد به‌په‌له‌ كار بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و جۆره‌ قاچاخچێتییه‌ بگیرێت.

عه‌لیی داینی هۆشداریشی دا له‌وه‌ى، به‌م دواییانه‌ هاورده‌كردنى ماده‌ى هۆشبه‌ر بۆ سنووره‌كه‌یان زیادی كردووه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر پارێزگاكه‌ به‌وه‌ى ببێته‌ ده‌روازه‌یه‌كی گه‌وره‌ى قاچاخچێتى به‌ ماده‌ هۆشه‌به‌ره‌كان.