هۆلاند داوا ده‌كات هێرشی فڕۆكه‌كان بۆ سه‌ر عه‌فرین رابگیرێ

زیاتر له‌ 52 رۆژ هێرش و بۆردومانكردن به‌رده‌وامه‌


فرانسۆ هۆلاند سه‌رۆكی پێشووی فڕه‌نسا داوا ده‌كات هێرشی فڕۆكه‌كان بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین و غوته‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌و شوێنانه‌ی كوردی لێ نیشته‌جێیه‌ رابگیرێ و گوتی: ناكرێ ڕێ به‌م كاولكارییه‌ و كوشتنی هاووڵاتییان بدرێ، داوای كرد كه‌ فشار بخرێته‌ سه‌ر ڕووسیا بۆ وه‌ستاندنی هێرشه‌كان و یارمه‌تی هێزه‌ كوردییه‌كانی سووریا بدرێت.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى لۆمۆندى فه‌ره‌نسى، سه‌رۆكى پێشووى فه‌ره‌نسا ره‌خنه‌ى له‌و هێرشه‌ى توركیا گرت، كه‌ ده‌یكاته‌ سه‌ر یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) و هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ى له‌ نه‌رمى نواندنى خۆرئاواش له‌ هه‌مبه‌ر ره‌فتاره‌كانى توركیا گرت.

فرانسوا ئۆلاند، گوتى: "ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى پشتیوانى كورددتان كرد، بۆچى له‌م ره‌وشه‌دا ده‌ستبه‌رداریان ده‌بن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكى پێشووى فه‌ره‌نسا سه‌ردانى نوێنه‌رایه‌تى ئیداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى رۆژئاواى كوردستانى له‌ پاریس كرد.

له‌ میانى سه‌ردانه‌كه‌یدا رایگه‌یاند: هێزه‌ كوردییه‌كان، شه‌ڕى داعشیان كرد و یارمه‌تى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیان دا و ره‌ققه‌یان رزگار كرد، ئه‌مڕۆش رووبه‌ڕووى هێرشى سوپاى توركیا بوونه‌ته‌وه‌. له‌ میانى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیمدا له‌ عێراق و سووریا هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بووه‌ له‌ دژى داعش. پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ى ئاسمانى بسه‌پێنرێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى له‌ هێرشى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان بگیرێت.

سوپاى توركیا له‌ 20ى كانوونى دووه‌م / یه‌نایرى 2018ه‌وه‌ به‌ یاوه‌رى زیاتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كدارى میلیشیا ئیسلامییه‌كانى به‌ره‌ى نووسره‌ و به‌رهه‌ڵستكاره‌ سوورییه‌كان هێرشى ئاسمانى و زه‌مینى بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستپێكردووه‌.

دواى زیاتر له‌ 52 رۆژ له‌ هێرش و بۆردومانكردنى عه‌فرین، تا ئێستا وڵاتانى ئه‌وروپا و رۆژئاوا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كى توندیان له‌ دژى ئه‌و هێرشانه‌ى توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانى ده‌رنه‌بڕیوه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ بێده‌نگى له‌ ئاست روودانى كاره‌ساتى مرۆیى له‌ عه‌فرین تۆمه‌تبار ده‌كرێت.