كاندێكی بێ رووخسار بوو به‌ نوێنه‌ری حزبی پێنج ئه‌ستێره‌ له‌ په‌رله‌مانی ئیتاڵیا

27 ساڵه‌ رووخساری له‌ناو كۆمه‌ڵ ده‌رنه‌خستووه‌

خاتوو یێلۆ ئه‌و ئافره‌ته‌ ئیتاڵییه‌ی كه‌ 27 ساڵه‌ رووخساری له‌ناو كۆمه‌ڵ ده‌رنه‌خستووه‌، بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌م خوله‌ی ئیتاڵیا و وه‌ك نوێنه‌ری حزبی پێنج ئه‌ستێره‌ ده‌چێته‌ په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌.

خاتوو پیێرا یێلۆ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر دوورودرێژه‌ به‌ هۆی ترس له‌ مافیای ئیتاڵیا به‌شێوه‌ی شاراوه‌ ژیاوه‌، %51ـی ده‌نگه‌كانی شاری سیسیلیای كرد به‌ هی خۆی و دانیشتووانی شاره‌كه‌ش ناسناوی كاندیدی بێ رووخساریان داوه‌ به‌و ئافره‌ته‌.

ته‌نانه‌ت له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئه‌م خاتوونه‌ رووخساری خۆی به‌ له‌چك داده‌پۆشیی و له‌ دیمانه‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كاندا پشت له‌ شاشه‌ قسه‌ی ده‌كرد.

هۆكاری ئه‌مكاره‌ی خاتوو یێلۆ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی 30 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا شووی به‌ كوڕی یه‌كێك له‌ سه‌رۆك مافیا به‌هێزه‌كانی ئیتاڵیا كردووه‌ و ساڵی 1991 باوكی مێرده‌كه‌ی ده‌كوژرێت و هاوسه‌ری خاتوو یێلۆ هه‌وڵده‌دات توڵه‌ی باوكی بسه‌نێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ویش ده‌كوژرێت.

هه‌ر ئه‌وسا خاتوو پیێرا یێلۆ له‌ به‌رامبه‌ر پێدانی زانیاریی له‌سه‌ر چۆنییه‌تی رووداوه‌كه‌ داوا له‌ پۆلیس ده‌كات كه‌ گیانی پارێزراو بمێنێت، هه‌ر له‌و رۆژیشه‌وه‌ خاتوو یێلۆ به‌ نهێنیی ژیاوه‌.

به‌ڵام ئه‌و خاتوونه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وت، رایگه‌یاند كه‌ ئیتر به‌ شاراوه‌یی ناژیێت و به‌ ئازادیی رووخساری ده‌رده‌خات.

 

سه‌رچاوه‌ / یۆرۆ نیوز    
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی