كه‌ربه‌لاییه‌كان داوای ئازادكردنی حوسێن شیرازی ده‌كه‌ن

له‌ شاری قومی ئێران ده‌ستگیر كراوه‌

ده‌ستگیركرنی حوسێن شیرازی كه‌ ده‌كاته‌ كوڕی ئایه‌توڵا سادق شیرازی كه‌ به‌ مه‌رجه‌عی ئاینی شیعه‌ی عێراق ناوده‌برێت، له‌ شاری كه‌ربه‌لا پرۆتێستۆ كرا.

ده‌یان كه‌س له‌ به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ شاری كه‌ربه‌لا گردبوونه‌وه‌ و ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی شیرازیان كرد و بانگهێشتی حكوومه‌تی عێراقیان كرد كه‌ هه‌وڵی خۆی له‌هه‌مبه‌ر ئازادكردنی ناوبراو بخاته‌ گه‌ڕ.

خۆپیشانده‌رێك به‌ ناوی فازل ئه‌لشیرازی رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و پیاوه‌ ئاینییه‌ی عێراق رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌ شاری قومی ئێران ده‌ستگیر كراوه‌ و داواش له‌ حكوومه‌تی عێراقی كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئازادكردنی حوسێن شیرازی بخاته‌گه‌ڕ.

هاوكات به‌هۆی ده‌ستگیركردنی شیرازی، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو خۆپیشاندانێك له‌ به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ شاری كه‌ربه‌ڵا ئه‌نجامدرابوو.

حوسێن شیرازی ته‌مه‌ن ٤٧ ساڵ كه‌ كوڕی مه‌رجه‌عی ئاینی شیعه‌ ، ئایه‌توڵا سادق شیرازییه‌، سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ شاری قومی ئێران گوتاێكی پێشكه‌ش كرد و تیایدا رابه‌ری ئاینی ئێران، ئایه‌توڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی كردبووه‌ ئامانج.

ئاماده‌كردنی: رزگار