مایك پێنس: بۆ رازیی كردنی كۆریای باكوور به‌ گفتوگۆ هیچ ئیمتیازێكمان پێیان نه‌داوه‌

ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌نجامی ئه‌م دیداره‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت

مایك پێنس جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا ده‌ڵێت وڵاته‌كه‌ی هیچ ئیمتیازێكی نه‌داوه‌ به‌ كۆریای باكوور بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌ سه‌ر مێزی دانووستان تا سه‌باره‌ت به‌ پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی خۆی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بكات.

پێنس رۆژی هه‌ینی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌رده‌وام زه‌ختی كردووه‌ته‌ سه‌ر رێبه‌ری كۆریای باكوور و بانگهێشتی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌لایه‌ن رێبه‌ری كۆریای باكووره‌وه‌ بۆ گفتوگۆ، نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ درووستبوونی ستراتیژییه‌تی دۆناڵد ترامپ له‌سه‌ر په‌راوێز خستن و گۆشه‌گیر كردنی كۆریای باكوور.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌واڵی دیداری كیم جونگ ئون رێبه‌ری كۆریای باكوور بۆ دیداری راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ و پێشوازی ترامپ له‌و بانگهێشته‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ریكس تیله‌رسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌نجامی ئه‌م دیداره‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی