سه‌رۆك كۆماری فلیپین ده‌خرێته‌ به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی سایكۆلۆژیی

لێكۆڵه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری خه‌ڵكی ره‌سه‌ن و خۆجێیی فلیپین ئه‌ندامی گروپێكی میلیشای كۆمۆنیستییه‌

ره‌عد زه‌یدئه‌لحوسێن كۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێشنیاری كردووه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆماری فلیپین بخرێته‌ به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌روونیی و سایكۆلۆژیی، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ وتوویه‌تیی لێكۆڵه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری خه‌ڵكی ره‌سه‌ن و خۆجێیی فلیپین ئه‌ندامی گروپێكی میلیشای كۆمۆنیستییه‌.

زه‌یدئه‌لحوسێن رۆژی رابردوو به‌ په‌یامنێرانی وت كه‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێ هه‌ڵوێستێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ی رۆدریگۆ دۆترۆته‌ بگرێته‌به‌ر، چونكه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌رۆك كۆماری فلیپین گیانی لێكۆڵه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و 600 كه‌سی دیكه‌ی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

سه‌رۆك كۆماری فلیپین یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تیی جه‌نجاڵییه‌كانی جیهانه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و زۆر كرده‌وه‌ی دیكه‌یشی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا كاردانه‌وه‌ی توندیان به‌دوای خۆیاندا هێناوه‌.

شایه‌نی باسه‌ له‌ دوو ساڵی رابردوودا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی فلیپین به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌م وڵاته‌ به‌لایه‌نی كه‌م 4 هه‌زار كه‌سیان له‌ تێكهه‌ڵچوونی سه‌ر شه‌قام یان له‌ ماڵی خودی ئه‌و كه‌سانه‌دا كوشتووه‌ كه‌ به‌ قاچاخكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی تۆمه‌تبار كرابوون.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی