ئۆباما ده‌بێته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری پرۆگرامی ته‌له‌ڤزیۆنیی

ئۆباما نیازی نییه‌ كه‌ ئه‌م زنجیره‌ پرۆگرامه‌ بۆ پیشاندانی هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر دۆناڵد ترامپ به‌كار بهێنێت

باراك ئۆباما سه‌رۆك كۆماری خولی پێشووی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كه‌ناڵی نێت فلیكس تا به‌ هاوكاری ئه‌وان زنجیره‌یه‌ك به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنیی درووست بكات كه‌ ناوه‌ڕۆكی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و له‌ ئایدیاكانی خودی خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، ئه‌گه‌ر بێت و دانووستانه‌كان بگاته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی، باراك ئۆباما و میشێڵی هاوسه‌ری به‌رنامه‌یه‌ك به‌ ناوه‌ڕۆكێكی زۆر تایبه‌ت بۆ كه‌ناڵی نێت فلیكس به‌رهه‌م ده‌هێنن.

ئێریك شوڵتز راوێژكاری راگه‌یاندنی ئۆباما له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماریدا سه‌باره‌ت به‌م پرۆگرامه‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌ ده‌ڵێت: ئه‌م ژن و مێرده‌ به‌رده‌وام پشتیوانی ئه‌و كه‌سانه‌ بوونه‌ كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن جیهانێكی باشتر درووست بكه‌ن. ئێستاش به‌نیازن به‌شێوه‌یه‌كی تازه‌ درێژه‌ به‌مكاره‌ بده‌ن و له‌م پرۆگرامه‌دا به‌ خستنه‌ڕووی چیرۆكی ژیان و بیرۆكه‌كانی خۆیان، هه‌مدیسان یارمه‌تیی ئه‌وجۆره‌ كه‌سانه‌ بده‌ن.

به‌گوێره‌ی بیرۆكه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ناوه‌ڕۆكی ئه‌م زنجیره‌ پرۆگرامه‌ بریتی ده‌بێت له‌ به‌شی دیكۆمێنتاریی و ته‌نانه‌ت خه‌یاڵیی و ئایدیاكان و ئه‌و به‌هایانه‌ی كه‌ ئۆباما باوه‌ڕی پێیان هه‌یه‌.

وه‌ك باسیش ده‌كرێت ئۆباما نیازی نییه‌ كه‌ ئه‌م زنجیره‌ پرۆگرامه‌ بۆ پیشاندانی هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر دۆناڵد ترامپ به‌كار بهێنێت.

سه‌رچاوه‌ / یۆرۆ نیوز
مه‌سعود / كوردستان تیڤی