یه‌په‌گه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ توركیا عه‌فرینی گه‌مارۆ دابێت

یه‌په‌گه‌ وته‌یه‌كى ئه‌ردۆگان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌


نوری مه‌حمود، وته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه‌ له‌ عه‌فرین، به‌ ئاژانسی "رۆیته‌رز"ی راگه‌یاند، به‌لایه‌نی كه‌م هێزه‌كانی توركیا 10 تا 15 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری عه‌فرینه‌وه‌ دوورن، ره‌تیشیكرده‌وه‌ سوپای توركیا عه‌فرینی گه‌مارۆ دابێت.

ئه‌م لێدوانه‌ی وته‌بێژی یه‌په‌گه‌ دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوگان، سه‌ر‌ۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاندبوو، هێزه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌ی شاری عه‌فرینیان گه‌مارۆداوه و، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌چنه‌ ناو ئه‌و شاره‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، شه‌وی رابردوو، 1700 شه‌ڕڤانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات هه‌سه‌ده‌، بۆ پشتیوانیكردن له‌ یه‌په‌گه‌، كه‌ له‌ شاره‌كانی ره‌ققه‌، دێر زوور و حه‌سه‌كه‌وه‌ هاتبوون، به‌ چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازییه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ناوه‌ندی شاری عه‌فرین و، بڕباره‌ رووبه‌ڕووی هێرشه‌كانی توركیا ببنه‌وه‌.