ئومێد خۆشناو بۆ مه‌كته‌بى سه‌رۆككۆمارى عێراق: شوکر واگایه‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار!

هه‌رباش بوو قسه‌تان کرد،ئه‌و گومانه‌تان لا ڕه‌واندینه‌وه‌ خودا نه‌خواسته‌ نه‌وه‌ک لاڵ بن

له‌ وه‌ڵامى وه‌ڵامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سه‌رۆككۆمارى عێراق دكتۆر فواد مه‌عسوم ،ئۆمێد خۆشناو سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌ڕله‌مانى كوردستان پۆستێكى له‌ هه‌ژمارى فه‌یسبوكى  تایبه‌تى خۆى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ جارێكى دیكه‌ ره‌خنه‌ له‌ سه‌رۆككۆمار ده‌گرێت و ده‌ڵێت بێ ده‌نگ بویت به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو رووداوانه‌ى كه‌ له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا هات، ده‌پرسێت خێره‌ په‌له‌ وه‌ڵامى من ده‌ده‌یته‌وه‌

ئه‌مه‌ش ده‌قى وه‌ڵامه‌كه‌ى ئۆمێد خۆشناوه‌ بۆ سه‌رۆككۆمارى عێراق

خه‌ریکه‌ ویلایه‌تی سه‌رکۆماری عێراق به‌ره‌و کۆتایه‌و،به‌رده‌وامیش جێگای سه‌رنج وپرسیاری هاوڵاتیانی کوردستان بووه‌ که‌،خێره‌ سه‌دان وده‌یان ڕووداوی هێنده‌ گرنگ ڕوویدا،که‌چی فه‌خامه‌تی سه‌رکۆمار هه‌ر بێده‌نگی هه‌ڵبژارد؟.
وابزانم ئه‌و په‌نده‌ی که‌ده‌ڵێ(بێده‌نگی جوانی مرۆڤه‌) میتۆدی سه‌ر کۆمار وسه‌رۆکایه‌تی کۆمار بووه‌.
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ نامه‌یه‌کی سه‌رئاوه‌ڵام بۆ فه‌خامه‌تیان نارد،که‌چی که‌متر له‌ ڕۆژێک سه‌رۆکایه‌تی کۆمار وه‌رامیان دامه‌وه‌،هه‌رچه‌ند هه‌وڵده‌ده‌م من نه‌چمه‌ ژێرفشاری وه‌رامه‌ ئاست نزم وزمانه‌ زبره‌که‌یان،به‌ڵام ناشکرێ وه‌ک ئه‌وان بێده‌نگی هه‌ڵبژێرم!.
له‌و وه‌رامدانه‌وه‌ خێرایه‌ی من،من گه‌یشتمه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی،وه‌ئاگان به‌ڵام نایانه‌وێت و یان ناوێرن له‌سه‌ر هه‌رپرسێک بێنه‌ ده‌نگ،دیاره‌ بۆ په‌زی خراپه‌!.
هه‌روه‌ها زۆر زۆر خۆشحاڵم به‌ زوبانی شرینی کوردی وه‌رامیان داومه‌ته‌وه‌،هه‌ڵبه‌ت به‌وه‌ فره‌ دڵخۆشم که‌،له‌ لاپتۆپه‌که‌یان فۆنتی کوردی هه‌یه‌ ودیاره‌ قه‌ده‌غه‌نیه‌ له‌کۆشکی کۆماری !.
وه‌لێ زۆر سه‌یره‌،چه‌ند پرسیارێکم کردبوون،هیچ یه‌کێک له‌ پرسیاره‌کانیان،به‌رسڤ نه‌داوه‌ته‌وه‌!؟.
پرسیارێک دوێنێ نه‌مکردبوو،ئه‌مڕۆ هه‌قی خۆمه‌ بیکه‌م.
ئه‌رێ بێزه‌حمه‌ت بیرتانه‌ کاتێک ڕۆژی پێش ١٦ی ئۆکتۆبه‌ری شه‌رم هێن وخیانه‌ت،دوکه‌ڵی ده‌بابه‌کانی ئه‌برامزو قافڵه‌ی سه‌یاره‌کانی سه‌ربازی،خه‌ریک بوو ئاسمانی به‌غدا بکات به‌ته‌م،چ به‌یانێکتان ده‌رنه‌کرد،ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵ بێت،هه‌ر بێده‌نگیتان هه‌ڵبژاردوه‌،که‌چی بۆ وه‌رامی نامه‌یه‌کی من هێنده‌ ئازاو خێران؟.
سەرۆکایەتی کۆمار لە درێژەی وەڵامەکەیدا نوسیویه‌تی "لە ڕاستیدا سەرمان سوڕماوە لە دوفاقی گوتار و دەربڕینتان، هەزار و یەک هەوڵ دەدەن بێنەوە بەغدا و عێراقچێتیتان ئەوەندە تۆخ کردووەتەوە بەشی ئێمەمانان نەماوەتەوە"
وه‌ڵا قوربان خه‌ڵکی کوردستان شاهیده‌،ئێمه چ کات شه‌یداو موشتاقی به‌غدا نه‌بووینه‌و نابین،به‌زاتی خودا ئێمه به‌به‌غدا ڕازی ببیان،نه‌ک به‌شی ئێوه‌مانان نه‌ده‌بوو،جێگاشتان نه‌ده‌بۆوه‌و به‌سه‌ربازێکی دڵسۆزیش وه‌رنه‌ده‌گیران.
له‌کۆتایی ده‌ڵێم،زۆرخۆشحاڵم هاتنه‌ ده‌نگ،ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌که‌شتان کزو لاواز بوو،به‌ڵام هه‌رباش بوو قسه‌تان کرد،ئه‌و گومانه‌تان لا ڕه‌واندینه‌وه‌ خودا نه‌خواسته‌ نه‌وه‌ک لاڵ بن!، ئێستا زانیمان ده‌نگتان هه‌یه‌ و قه‌ڵه‌میشتان هه‌یه‌و کوردیشتان بیرنه‌چووه‌،ده‌ی که‌وایه‌ چاوه‌ڕوانین هه‌ر ده‌نگتان بێ و له‌خه‌و هه‌ڵسن....