رازیبوونی تره‌مپ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون نرخی نه‌وتی به‌رزكرده‌وه‌

قبوڵكردنی داوای كۆریای باكوور له‌لایه‌ن تره‌مپ، نرخی نه‌وتی له‌ بۆرسه‌كانی جیهان به‌رزكرده‌وه‌

قبوڵكردنی داوای كۆریای باكوور له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌ردوو وڵات سه‌باره‌ت به‌ چه‌كی ناوه‌كی و سزاكانی سه‌ر كۆریای باكوور نرخی نه‌وتی له‌ بۆرسه‌كانی جیهان به‌رزكرده‌وه‌. 

دوێنێ پێنج شه‌ممه‌ نرخی نه‌وت به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زینی تۆماركرد، به‌ جۆرێك هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكی زیاتر له‌ دۆلارێك و نه‌وتی برێنتیش 64 سه‌نت دابه‌زین. 

به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بانگهێشتنامه‌ی كیم جۆنگ ئونی سه‌رۆكی كۆریای باكووری قبوڵ كرد بۆ ئه‌وه‌ی مانگی ئایاری داهاتوو به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ‌ببنه‌وه‌، نرخی نه‌وتی به‌رزكرده‌وه‌ و ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێت نرخه‌كه‌ی گه‌یشته‌ 63 دۆلارو 79 سه‌نت و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكی به‌رزبۆوه‌ بۆ 60 دۆلارو 23 سه‌نت. 

هاوكات چین پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆریای باكوور ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ده‌ڵێت: به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی ده‌كه‌ین له‌و هه‌نگاوه‌ له‌باره‌ی دروستبوونی دیالۆگی راسته‌وخۆی ئه‌مریكا و كۆریای باكوور.