سێیه‌م كاروانی فڕۆكه‌ی جه‌نگی كۆریای باشوور راده‌ستی عێراق كرا

نرخی یه‌ك فڕۆكه‌ ٢١ ملیۆن دۆلاره‌

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاند، سێیه‌م كاروانی فڕۆكه‌ی جه‌نگی جۆری (تی ــ ٥٠) له‌ لایه‌ن كۆریای باشووره‌وه‌ راده‌ست عێراق كرا.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سێیه‌م كاروانی فڕۆكه‌ی جه‌نگی جۆری (تی ــ ٥٠)ی كۆریای باشوور گه‌یشتووه‌ته‌ بنكه‌ی ئاسمانی شه‌هید محه‌مه‌د عه‌لا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا.

له‌ دوو رۆژی رابردوودا وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاندبوو دوو كاروانی ئه‌و فڕۆكانه‌ی له‌ لایه‌ن كۆریای باشووره‌وه‌ راده‌ستكرابوو.

تا ئێستا وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ژماره‌ی ئه‌و فڕۆكانه‌ی ئاشكرا نه‌كردوو كه‌ له‌ لایه‌ن كۆریای باشووره‌وه‌ راده‌ستی كراوه‌.

له‌ ساڵی ٢٠١٣دا، عێراق گرێبه‌ستێكی بۆ كڕینی ٢٤ فڕۆكه‌ی جه‌نگی جۆری (تی ـ ٥٠)ی له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور واژوو كردبوو،به‌ڵام ئه‌وه‌ زانراوه‌ كه‌ نرخی هه‌ر یه‌ك له‌و فڕۆكه‌وانه‌، ٢١ ملیۆن دۆلاره‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار