د. موسه‌ننا ئه‌مین: یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق به‌ده‌بابه‌ و به‌كوشتن ناپارێزرێت

عه‌بادی بازرگانی نه‌وته‌ یان سه‌رۆك وه‌زیرانه‌

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌ێنێ، یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق به‌ده‌بابه‌ و به‌كوشتن ناپارێزرێت، ده‌شڵێ عه‌بادی بازرگانی نه‌وته‌ یان سه‌رۆك وه‌زیرانه‌.

د. موسه‌ننا ئه‌مین ، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند:  به‌داخه‌وه‌ ئیراده‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌به‌غدا ئیراده‌ی زه‌بوونكردن و ده‌سته‌پاچه‌كردنی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌، ئه‌و ئیراده‌یه‌ی ده‌یه‌وێت برسیكردنی خه‌ڵكی ئێمه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی سیاسی به‌كاربهێنێت ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه‌ و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق خۆی ته‌مسیلی ده‌كات، ئه‌مه‌ راستییه‌كی نكوڵی لێنه‌كراوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: حكوومه‌تی ناوه‌ندیی نابێت وه‌كو بازرگانی نه‌وت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم بكات و ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی بوێت و له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێك له‌بوودجه‌ی عێراق بداته‌ كوردستان و كه‌ حسابیشی ده‌كه‌یت به‌وه‌ره‌قه‌ و قه‌ڵه‌م، ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ له‌بوودجه‌دا بۆمان دانراوه‌ كه‌متره‌ له‌و ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌نرخی جیهانی حسابی بكه‌ین، ئه‌مه‌ بازرگانی نه‌وته‌ یان سه‌رۆكوه‌زیرانه‌.

گوتیشی: ده‌بێت حكوومه‌تی عێراقی بزانێت داواكارییه‌كانی ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك شتی بنه‌ڕه‌تین نابێت بچنه‌ ناو موناقه‌شاتی بوودجه‌وه‌، مووچه‌ی مووچه‌خۆران و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینان و زیندانیانی سیاسی پێشوو و قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیاوی نابێت به‌رپرسیارێتی حكوومه‌تی هه‌رێم بێت، ئه‌مه‌ پێویسته‌ به‌رپرسیارێتی حكوومه‌تی فیدراڵی بێت. به‌م شێوه‌یه‌ عێراقی بوونی ئێمه‌ و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق به‌ده‌بابه‌ و به‌كوشتن ناپارێزرێت، یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق به‌دڵخۆشكردنی هاووڵاتیان ده‌پارێزرێت، له‌گه‌ڵ قوڵكردنه‌وه‌ی روحی ئینتیما له‌ناو عێراقییه‌كاندا به‌پارێزگاری كردنی مافی خه‌ڵكی ده‌پارێزرێت.

راشیگه‌یاند: ریفراندۆم یان هه‌رشتێك بیانوویه‌، ئه‌وان دوای كۆتایی هاتنی داعش ده‌ھاتنه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك ریفراندۆم بكرایه‌ و نه‌كرایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆئه‌وه‌ی كه‌ گه‌لی ئێمه‌ زه‌بوون بكرێت.

ئاماده‌كردنی: رزگار