حه‌شدی شه‌عبی له‌ كه‌ركووك هۆشداری به‌ یه‌كێتی ده‌دات

ئاڵای كوردستان قه‌ده‌غه‌ده‌كات

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی ئاگادار له‌ پارێزگای كه‌ركووك رایگه‌یاند: "عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق كه‌ گرووپێكی شیعه‌ مه‌زهه‌بی ناو حه‌شدی شه‌عبین، هۆشداریان داوه‌ته‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك به‌رز نه‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7/3/2018 سه‌رچاوه‌یه‌ك‌ له‌ پارێزگای كه‌ركووك به‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "شه‌فه‌ق نیووز"ـی گوتووه‌: "نووسینگه‌ی گرووپی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق له‌ پارێزگای كه‌ركووك، نووسراوێكیانی بۆ مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی له‌ پارێزگای كه‌ركووك ناردووه‌ و هۆشداریان پێداون كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز و كاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئاڵای كوردستان به‌رز نه‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ به‌رپرسانى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتی له‌كه‌ركووك، به‌هۆى ئه‌و نووسراوه‌وه‌ سه‌ردانى "ڕاكان سه‌عید جبوورى" پارێزگاره‌كه‌ى میلیشیاى حه‌شد له‌ كه‌ركووك كردووه‌ و نیگه‌رانى خۆیان له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی، كه‌ركووك كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.