به‌هرۆز كه‌مالوه‌ندی: ده‌توانین له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێردا یۆرانیۆم بپیتێنین

ئێران ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی بزوێنه‌ری نوێ ده‌كات

وته‌بێژی فه‌رمیی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ توانیایدایه‌ له‌كاتی پێویستدا یۆرانیۆم له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێردا بپیتێنێت.

به‌هرۆز كه‌مالوه‌ندی، وته‌بێژی فه‌رمیی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ئێران له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان تاران و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند: "له‌وكاته‌دا ئێمه‌ ته‌نها ناگه‌ڕێینه‌وه‌ دۆخی پێشوو، به‌ڵام به‌ره‌و چه‌ند قۆناغێكی پێشكه‌وتووی دیكه‌ هه‌نگاو ده‌نێین."

گوتیشی: بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت یۆرانیۆمی پیتێنراو به‌ڕێژه‌ی 20% به‌رهه‌م بهێنین، ده‌توانین له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێردا ئه‌و كاره‌ بكه‌ین"، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئێران ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی بزوێنه‌ری نوێ ده‌كات كه‌ جێگه‌ی بزوێنه‌ره‌ كۆنه‌كان بگرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش وا ده‌كات یۆرانیۆنی پیتێنراو به‌خێراتر به‌رهه‌م بهێنێت، بۆیه‌ دۆخی ئێستا زۆر له‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باشتره‌ له‌و بواره‌دا.

كه‌مالوه‌ندی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئێران پابه‌نده‌ به‌ پلانی كاری هاوبه‌شی سه‌رتاسه‌ریی تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، ئه‌و پلانه‌ی كه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی ساڵی 2015 ناسراوه‌ و له‌نێوان ئێران و شه‌ش وڵاتی زلهێزی جینهان له‌ سه‌رده‌می باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا واژو كرا.