نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی ڕابردوو ئێران نزیكه‌ی 500 كه‌سی له سێداره‌داوه‌

112 هاووڵاتیی کورد بوونه‌

لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی رابردوودا 482 کەس لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

ئەنتۆنیۆ گۆترس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤ له ژنێڤ لەبارەی سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان و پرسی سێدارە لە ئێران ئاشکرای کردووە لە ساڵی رابردوودا 482 کەس لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

هاوکات ڕەوشی مافی مرۆڤ لەناو کەمایەتییە نەتەوەیی و دینییەکان هیچ گۆڕانكاری تێدا نه‌كراوه و له‌ژێر گوشاردان.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بەهۆی بەربەستەکانی دەزگای ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران لەبەردەم ڕێپۆرتێری تایبەت بە کاروباری مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها نەبوونی ناوەند و سەرچاوەیەکی بێلایەن له‌باره‌ی تۆمارکردنی حاڵەت و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بێگومان ژمارەی حاڵەتەکانی پێشێلكاری مافی مرۆڤ و بەتایبەت ڕێژەی سێدارە زۆر لەو ئامارە زیاترە کە بڵاو بووەتەوە.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان سزای سێدارەی 112 هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران بەڕێوەچووە کە لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە و کرماشان و ئیلام و لوڕستان و ناوچە کوردستانییەکانی خوراسانی باکوور و ڕەزەوی و قەزوێن ڕوویان داوە.
 
هه‌رچه‌نده سادق لاریجانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی ئاماری لەسێدارەدراوان لە ئێران ئاشکرای کردووە کە ئەمساڵ ژمارەی سێدارە بە بەراوردی ساڵی پێشوو لە ئێران کەم بووەتەوە.