پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و پێکهاتە مەسیحییەکان لە هەرێم تاتوێكرا

عه‌لی حوسێن سه‌ردانی رێكخراوی كلدو ئاشووری كرد


بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى کوردستانى و عێراقى پارتى سه‌ردانی رێكخراوی كلدو ئاشوری له‌ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ كرد.

به‌مه‌به‌ستی گرنگیدان بە پەیوەندییەکان و بیروراگۆرینەوە لەنێوان پێکهاتەکان، ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ عەلى حسین بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى کوردستانى و عێراقى پارتى دیموکراتى کوردستان بەیاوەرى بەرپرسى دیسکى پارتە مەسیحیەکان و ئەندامانى دیسک سەردانى رێکخراوى کلدو ئاشوریان لە عەنکاوە کرد، لەلایەن نەشئەت فەرەج بەرپرسى رێکخراوى کلدو ئاشور و ئەندامانى رێکخراوەکە پێشوازیکران.

لە دیدارێکدا باسیان لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و پێکهاتە مەسیحییەکان لە هەرێمى کوردستان کرد، لەم بارەیەوە بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى دووپاتی لەسه‌ر پاراستن و پتەوکردنى گیانى برایەتى و مێژووى پێکەوە ژیانى ئاشتیانە لەگەل هەموو پێکهاتەکان و خزمەتکردنى زیاترى پێکهاتەکانى مەسیحى و گرنگى دان بەماف و داخوازییەکانیان وەک پێکهاتە و بەشێکى رەسەن لە هەرێمى کوردستان کردەوە.

هاوکات تیشک خرایە سەر دواین پێشهات و بارودۆخى سیاسى عیراق و هەرێمى کوردستان و هەنگاوەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق و کوردستان، هەروەها جەخت لە ئارامی و ئاسایشى کورستان و یەکریزى و هەماهەنگى کارکردن لەپێناو پاڵپشتى و سەرکەوتنى کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا کرایەوە.