ئاسایشی عێراق هۆشداری له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌دات

جموجۆڵه‌كانی له‌ ده‌وربه‌ری شاری كه‌ركوك ده‌ست پێكردووه‌

چه‌كدارانی داعش به‌نیازن له‌ رێگای چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ شاری كه‌ركوك له‌ ده‌ست چه‌كدارنی حه‌شدی و شه‌عبی و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌ربهێنن.

به‌ پێی نووسراوێكی فه‌رمی به‌شی ئاسایشی كه‌سه‌كان له‌ پارێزگای كه‌ركوك كه‌ ئاراسته‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی شاری كه‌ركوك كراوه‌ هۆشداری ئه‌وه‌ دراوه‌ كه‌ چه‌كدارانی داعش پلانی ئه‌وه‌یان داناوه‌ له‌ رێگای چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر شاری كه‌ركوك و دوای ته‌قینه‌وه‌كانیش 120 چه‌كداری داعش له‌ نێو كه‌ركوك بڵاوببنه‌وه‌و شاره‌كه‌ دووباره‌ له‌ژێر چنگی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌ربهێننه‌وه‌.

به‌ پێی نووسراوه‌كه‌ پلانه‌كه‌ی داعش ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تا كه‌ چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ نێو شاره‌كه‌ ئه‌نجام بدات و دواتر120 چه‌كداری خۆی له‌ نزیك كۆمپانیای تارق و گه‌ره‌كانی حوزه‌یران، نیدا، عه‌مه‌ل شه‌عبی بڵاوبكاته‌وه‌و پاشان هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌شاره‌كه‌ ده‌ست پێبكه‌ن.

چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی عێراق له‌ ده‌وربه‌ری شاری كه‌ركوك چه‌ند شوێنێكیان چۆڵكردووه‌و چه‌كدارانی داعش هاتوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنانانه‌و مه‌ترسی له‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌كرێت.

ktv

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر داعش جموجۆڵه‌كانی له‌ ده‌وربه‌ری شاری كه‌ركوك ده‌ست پێكردووه‌و تا ئێستاش چه‌ند جارێك هێرشی كردۆته‌ سه‌ر چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و دوایین هێرشی داعشیش كوشتنی 27 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی بوو له‌ نزیك حه‌ویجه‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار