عه‌بدولره‌زاق ناوه‌ندی: به‌غدا به‌گشتی 693 ملیار دینار پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی كوردستانی نه‌ناردووه

عه‌بدولره‌زاق ناوه‌نده‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: به‌غدا به‌گشتی 693 ملیار دینار پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی كوردستانی نه‌ناردووه.

عه‌بدولره‌زاق ناوه‌نده‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی دیڤچوونی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ نه‌ناردنی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ رایگه‌یاند: به‌ كۆی گشتی 693 ملیار دینار مافی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌لای به‌غدا كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ و ماوه‌ته‌وه‌.

عه‌بدولره‌زاق ناوه‌نده‌یی راشیگه‌یاند: له‌ ساڵی 2014 ـه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا ساڵ به‌ ساڵ ئه‌م پاره‌یه‌ له‌ لای وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، له‌ ساڵی 2014 60 ملیار قه‌رزی مافكه‌وتووی جوتیاران له‌ لای به‌غدا ماوه‌ته‌وه‌، ساڵی 2015 بڕی 243 ملیار، ساڵی 2016 بڕی 386 ملیار و له‌ ساڵی 2017 ش بڕی 43 ملیار ماوه‌ كه‌ كۆی گشتی ئه‌م بڕِانه‌ له‌و ساڵانه‌دا ده‌كاته‌ 693 ملیار دینار كه‌ هه‌تا ئێستا وه‌ك مافكه‌وتووی جوتیاران له‌ لای به‌غدا ماوه‌ته‌وه‌ .