كارمه‌ندێكی ئاسایشی پارتی له‌ كه‌ركوك تیرۆر كرا

له‌ لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه‌

دره‌نگانی شه‌وی رابردوو كارمه‌ندێكی ئاسایشی كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ تیرۆر ده‌كرێت و تا ئێستاش بكه‌رانی ده‌ستگیر نه‌كراون.

نه‌قیب فه‌رهاد حه‌مه‌ عه‌لی، گوته‌بێژی ئاسایشی كه‌ركوك به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: دره‌نگانی شه‌وی رابردوو ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ كارمه‌ندێكی ئێمه‌ به‌ ناوی " سه‌میر حه‌سه‌ن غه‌ریب" كه‌ كوری هونه‌رمه‌ندی ناسراوی شاری كه‌ركوك "حه‌سه‌ن غه‌ریب"ه‌  له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ گه‌ره‌كی حورییه‌ی شاری كه‌ركوك له‌ لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ تیرۆر ده‌كرێت.

گوتیشی  كاكه‌ سه‌میر یه‌كه‌م شه‌هید و دواهه‌مین شه‌هیدمان نییه‌، ئاسایشی كه‌ركوك ژماره‌یه‌كی زۆر شه‌هیدی له‌ پێناو ئارامی و ئاسایشی كه‌ركوك به‌خشیوه‌و ده‌یبه‌خشێت.

نه‌قیب فه‌رهاد گوتیشی: له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كه‌ركوك بۆ ساتێكیش ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، چونكه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ سه‌قامگیری ئه‌و شاره‌ رابگرن و پیشه‌ییانه‌ و دلسۆزانه‌ به‌ ئه‌دای كاره‌كانی خۆیان هه‌ڵسن، چونكه‌ ئه‌وان خه‌ڵكانێكی بێگانه‌ن به‌ كه‌ركوك و له‌ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك نین وخه‌ڵكی ناوچه‌كانی ناوه‌راستی عێراقن و ناتوانن  ئاسایشی شاره‌كه‌ بپارێزن.

راشیگه‌یاند: به‌ داخه‌وه‌  له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان به‌ هۆی په‌رش و بڵاوی و كورد گوته‌نی زۆری و بۆریانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ ناهه‌موای و ناجێگیری شاره‌كه‌ و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ به‌ گشتی و كورده‌كان به‌ تایبه‌ت هیچ ساتێكی ژیانیان ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌و خه‌ڵكی له‌ دڵه‌راوكێیه‌كی زۆر گه‌وره‌دا ده‌ژین به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  كاتێ كورد باڵا ده‌ست بوو به‌ یه‌كسانی هه‌موو پێكهاته‌كانی ده‌پاراست و ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌بوو له‌سه‌ر گه‌شه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بازرگانی و سه‌رجه‌م جومگه‌ ژیاری و ژیانییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ جۆرێ له‌ ساڵی 2003 وه‌ تا پێش 16 ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ كه‌ركوك له‌ ئاسایشێكی ته‌واو به‌رقه‌رار دابوو ئێستاش یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ هه‌ره‌ نا ئارامه‌كانی عێراق.

گوتیشی: تاوانه‌كانى دزی و ترس و تۆقاندن و كوشتنی هاوڵاتیانی خه‌ڵكی سیڤل و  منداڵ و ژن و ئه‌تك كردن و ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر ئافره‌ت به‌ تایبه‌تیش له‌ شاری دوزخورماتوو به‌رێژه‌یه‌كی ئێجگار زۆر زیادی كردووه‌و كه‌س نییه‌ خاوه‌نداری ئه‌و شاره‌ بكات دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پۆلیسی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌ماون ئارامیش بوونێكی نه‌ماوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و رۆژانه‌و شه‌وانه‌ به‌ به‌رچاوی گۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و UN و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجامده‌درێن بێ ئه‌وه‌ی په‌راوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك رێكخراوی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و مافی مرۆڤ و UN  له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ بێنه‌ وه‌ڵام كه‌ ئه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسورمانی ئێمه‌یه‌، چونكه‌ كاتێ ئێمه‌ له‌ كه‌ركوك بووین و تۆمه‌تبارێكی عه‌ره‌بمان له‌ سه‌ر تاوانێك زیندانی ده‌كرد و سزامان ده‌دا چه‌ندان رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ ناره‌زاییان ده‌رده‌بری به‌وه‌ی ئێمه‌ ره‌گه‌ز په‌رستی ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها فه‌رهاد حه‌مه‌ عه‌لی تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان رایگه‌یاند:  زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی له‌ كه‌ركوك ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانن له‌ رووی ماددی و گیانییه‌وه‌، چونكه‌ پارتییه‌كان ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و چه‌كدارانه‌ و هێزه‌كانی عێراقن.

گوتیشی: داوامان له‌ UN و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كردووه‌ كه‌ چیتر بێده‌نگ نه‌بن به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو كاولكاری و پێشێلكارییه‌ى كه‌ له‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو و ناوچه‌كانی تر ده‌كرێت.