ڕۆماننووس محه‌مه‌د كه‌ریم "دێو به‌همه‌ن" بڵاوكرده‌وه‌

به‌ جوانی گوزارشت له‌و ساته‌وه‌خته‌ ناخۆشه‌ ده‌كات

"دێو به‌همه‌ن" تازه‌ترین رۆمانی چیرۆكنووس و ڕۆماننووس محه‌مه‌د كه‌ریم-ه‌ كه‌ له‌ دووتوێی (276) لاپه‌ڕه‌دا ده‌زگای رۆشنبیری جه‌مال عیرفان له‌سه‌ر ئه‌ركی نووسه‌ر چاپی كردووه‌.

 ڕۆمانی "دێو به‌همه‌ن"  باس له‌ زامه‌ قووڵه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ و ناڵه‌ و هاواری قوربانییه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ ماڵوێرانكه‌ره‌ ده‌كات، ڕۆمانه‌كه‌ به‌ جوانی گوزارشت له‌و ساته‌وه‌خته‌ ناخۆشه‌ ده‌كات كاتێ به‌ كه‌سێك ده‌وترێت چه‌ند سه‌عاتێكی تر گوللـه‌بارانت ده‌كه‌ین كه‌ هیچ تاوانێكی نه‌كردووه‌. مرۆڤ له‌ ساتێكی وه‌ها ناسك و ئاڵۆزدا هه‌ست به‌چی ده‌كات؟

 ئایا ته‌سلیمی مه‌رگێكی ناوه‌خته‌ ده‌بێت یان به‌رگریی ده‌كات و خۆی به‌ ده‌زووله‌ی هیوادا هه‌ڵده‌واسێت؟ ڕووداوه‌كانی ڕۆمانی دێو به‌همه‌ن كه‌ هه‌م گێڕه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه‌ و هه‌م (پاڵه‌وان) یان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌یه‌.

شایانی باسه‌ ڕۆمانی دێو به‌همه‌ن وه‌كو نووسین چواره‌م كتێب و وه‌كو نووسین و وه‌رگێڕان بیست و یه‌كه‌مین كتێبی نووسه‌ر محه‌مه‌د كه‌ریمه‌.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی