مه‌حمود عه‌باس سه‌ردانی رووسیای كرد

مه‌به‌ستی له‌م دیداره‌ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ڤلادیمێر پۆتین بێت

مه‌حمود عه‌باس رێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستینی ئه‌مڕۆ به‌ مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری رووسیا گه‌یشته‌ مۆسكۆ. پێشبینی ده‌كرێت كه‌ ناوبراو مه‌به‌ستی له‌م دیداره‌ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ڤلادیمێر پۆتین بێت له‌و پرسانه‌دا كه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه‌.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان بڕیار بوو مه‌حمود عه‌باس له‌ شاری سوچی رووسیا دیدار له‌گه‌ڵ پۆتین بكات، به‌ڵام كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی نه‌فه‌ر هه‌ڵگر پۆتینی ناچار كرد تا بۆ كۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌كه‌ له‌مۆسكۆ بمێنێته‌وه‌.

دیداری ئه‌مڕۆی رێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستینی له‌ مۆسكۆ، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل دوو هه‌فته‌ به‌ر له‌ ئێستا سه‌ردانی ئه‌م شاره‌ی كردبوو.

وه‌ك ئاشكرایه‌ سه‌رچاوه‌ی ناكۆكییه‌كانی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی، ئه‌و بڕیاره‌ی ترامپ بوو كه‌ ئۆرشه‌لیمی به‌ فه‌رمی وه‌ك پایته‌ختی ئیسڕائیل ناساند.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا

مه‌سعود / كوردستان تیڤی