لیژنەكه‌ى به‌غدا وردبینی له‌ لیستى مووچه‌خۆرانى وەزارەتی خوێندنی باڵا ده‌كات

لیژنەكه‌ى به‌غدا سەردانی هەرێم ده‌كەن و دەست بەكارەكانیان ده‌كەنه‌وه‌

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند" بڕیارە لیژنەی وردبینی حكومەتی عێراق بۆ وردبینیكردن لە لیستی موچە خۆرانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم، لە نێویشیاندا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و دەست بەكارەكانیان بكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕوان دەكرێت ئەو لیژنەیە ئەمڕو سەردانی هەرێم بكات، یەكەم كاری دەستپێكردنی وردبینی لە لیستی موچەخۆرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت، لە مووچە خۆرانی زانكۆی سەڵاحەدینەوە دەستپێدەكەن.

مانگی رابردوو لیژنەیەك بۆ وردبینیكردن لە لیستی موچەخۆرانی وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە هاتنە هەرێم، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق بڕیاری لەبارەی ناردنی موچەی ئەو دوو وەزارەتەوە نەداوە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتیشی، "لیژنەكە داوای رێژەی موچەو ناونیشان و تەواوی وردبینی و داتاكانیان كردووە لە 2015  تاكو 2017".

پێشتر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی وتاری هەفتانەیدا رایگەیاندبوو، پڕۆسەی وردبینیكردن لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا "زۆر ناخایەنێت".