ئه‌مریكا پشتیوانیی له‌ ئیسڕائیل ده‌كات له‌وه‌ی به‌رگریی له‌ سه‌روه‌ریی خۆی بكات

ئه‌دریان ره‌نكین گالۆڤی وته‌بێژی په‌نتاگۆن

دوای ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ ئیسڕائیل كردی بۆ سه‌ر 12 ئامانجی سووریی و ئێرانیی له‌ خاكی سووریادا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی ئه‌مریكا وێڕای ره‌خنه‌گرتن له‌ كرده‌وه‌ی شه‌ڕانگێزانه‌ و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له‌ كاروباری ناوچه‌كه‌دا، رایانگه‌یاند كه‌ ئیسڕائیل مافی خۆیه‌تیی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و هێرش بۆسه‌ر خاك و سه‌روه‌رییه‌كه‌یدا، به‌رگریی له‌خۆی بكات.

ئه‌دریان ره‌نكین گالۆڤی وته‌بێژی په‌نتاگۆن رۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ رایگه‌یاند كه‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا به‌شداری ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ئیسڕائیل نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌م وڵاته‌ نزیكترین هاوپه‌یمانی سه‌ربازیی ئێمه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئێمه‌ پشتگیریی له‌ مافی ره‌وای ئیسڕائیل ده‌كه‌ین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشانه‌دا كه‌ هاوڵاتییان و سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌ی بكاته‌ ئامانج.


سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا    
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی