ساڵح موسلیم: توركیا شكست خواردووه‌كانی داعشی له‌ ره‌قه‌ و موسڵ هێناوه‌ بۆ شه‌ڕی عه‌فرین

توركیا به‌ هێرش بۆسه‌ر عه‌فرین نیازی هه‌یه‌ تۆڵه‌ی ئه‌و شكستانه‌ی داعش بسه‌نێته‌وه‌

ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ كه‌ رۆژی رابردوو له‌ عه‌فرینه‌وه‌ رۆیشتووه‌ته‌ برۆكسلی پایته‌ختی به‌لژیكا به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئه‌وڕوپی، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ حكومه‌تی توركیا ئه‌و چه‌كداره‌ شكست خواردووانه‌ی داعشی هێناوه‌ بۆ شه‌ڕی عه‌فرین كه‌ پێشتر له‌ ره‌قه‌ و موسڵ راونراون.

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ ئه‌وه‌شی وت كه‌ توركیا ترسێكی زۆری له‌وه‌ هه‌یه‌ داعش له‌ناو بچێت، كه‌ ئه‌م وڵاته‌ یه‌كێك له‌ پشتیوانیكارانی ئه‌م گروپه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌ وته‌ی ناوبراو توركیا نیگه‌رانییه‌كی قووڵی له‌و بابه‌ته‌ش هه‌یه‌ كه‌ ره‌وتێكی دیموكراتیك له‌ نزیك سنووره‌كانی وڵاته‌كه‌ی درووست ببێت، هه‌ر بۆیه‌ به‌ بیانووی پاراستنی سنووره‌كانی هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر عه‌فرین.

ساڵح موسلیم وتیشی: توركیا به‌ هێرش بۆسه‌ر عه‌فرین نیازی هه‌یه‌ تۆڵه‌ی ئه‌و شكستانه‌ی داعش بسه‌نێته‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی سووریا تووشی هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ شه‌ڕڤانانی كورد بوون كه‌ شكستیان به‌ داعش هێنا.

ئه‌م هاوسه‌رۆكه‌ی په‌یه‌ده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌گه‌ر وردبینانه‌ بڕوانین، ده‌بینین كه‌ حكومه‌تی توركیا ته‌نیا به‌ یارمه‌تیی چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان توانیویه‌تیی به‌رده‌وامیی به‌ هێرشه‌كان بدات. ته‌نانه‌ت راگه‌یاندنه‌كانی په‌یه‌ده‌ چه‌ندینجار به‌ڵگه‌ی هاوكاری حكومه‌تی توركیایان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش له‌ عه‌فرین ئاشكرا كردووه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ت ساڵح موسلیم وتیشی حكومه‌تی توركیا ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه‌ له‌ ره‌قه‌ و موسڵ شكست دراون و راونراون، هێناونی بۆ عه‌فرین تا شه‌ڕیان پێبكات.

سه‌رچاوه‌ / یۆرۆ نیوز

مه‌سعود / كوردستان تیڤی