عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێت بچێته‌ عه‌فرین ئاماده‌ین هاوكاریان بين و ئۆتۆمبێلیشیان بۆ بگرین

بۆ به‌رگریكردن له‌ خه‌ڵكی عه‌فرین

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكیدا به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاندووه‌، كه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌وان له‌سه‌ر له‌شكركێشی‌ سوپای توركیا ئه‌وه‌یه‌ هیواخوازن كێشه‌كان له‌ڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، له‌ پێشتریشدا سه‌رۆك بارزانی، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ڕاگه‌یاندووه‌.

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن گوتی: به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بانگه‌وازێك بووه‌ بۆ هه‌ردوولا كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ.

رۆژی هه‌ینی 2-2-2018 كۆمه‌ڵێك گه‌نج ویستییان له‌ ڕێی چوونه‌ ناو شاری هه‌ولێره‌وه‌ بگه‌نه‌ عه‌فرین، به‌ڵام له‌ بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌ پشێوی كه‌وته‌ نێوان ئه‌وان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئه‌و گه‌نجانه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانیان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی ڕێگری ده‌كات له‌وه‌ی خه‌ڵك بگه‌نه‌ عه‌فرین. له‌ به‌رامبه‌ردا عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند: هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێت بچێته‌ عه‌فرین بۆ به‌شداری له‌ به‌رگری خه‌ڵكی ئه‌وێ، ئێمه‌ ئاماده‌ین هاوكاریان بن و ئۆتۆمبێلیشیان بۆ بگرین.

دوای رووداوه‌كه‌ش تاریق نووری ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاسایشی هه‌ولێر رایگه‌یاند: ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 2-2-2018 له‌ بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌، گرژیی له‌نێوان چه‌ند هاونیشتمانییه‌ك و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی بازگه‌كه‌ دروستبوو ، نزیكه‌ی 400 كه‌س زیاتر هاتنه‌ بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌ و ده‌یانویست به‌بێ رێوشوێنی یاسایی و پشكنین داخڵی هه‌ولێر ببن"وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ خۆبه‌خش بوون و ویستوویانه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بچنه‌ عه‌فرین.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاسایشی هه‌ولێر گوتیشی: به‌ڵام رازی نه‌بوون به‌وه‌ی كاری یاسایی خۆمان بكه‌ین و ده‌یانویست به‌شێوه‌ی فه‌وزه‌وی داخڵ بن، بۆیه‌ گرژیی دروستبوو"به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاسایشی هه‌ولێر ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆ له‌و هاونیشتمانییانه‌ كرابێت و ئه‌وانه‌ی برینداربوون برینداری فیشه‌ك بن و ده‌ڵێ "ته‌قه‌ی هه‌وایی كراوه‌ بۆ بڵاوه‌پێكردنیان و كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌قه‌ی راسته‌وخۆ نه‌كراوه‌ و ئه‌وانه‌شی بریندار بوون برینداری فیشه‌ك نین، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ردیان گرتووه‌ته‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئه‌وانیش هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ وه‌ڵامیانداونه‌ته‌وه‌ و له‌ هێزه‌كانی ئاسایشیش بریندار هه‌ن كه‌ به‌رد و داریان به‌ركه‌وتووه‌.

بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ 10-2-2018 شاندێكی پێنج كه‌سی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێكدێ له‌ په‌رله‌مانتاران عه‌لی هالۆ، عه‌باس فه‌تاح شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌بو كاروان و سوهراب میكائیل بۆ پشتیوانیكردن له‌عه‌فرین بگه‌نه‌ شاره‌كه‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار

سه‌رچاوه‌:ده‌نگی ئه‌مریكا